X
تبلیغات
بارزانی - ره‌نگ دانه‌وه‌ی خه‌باتی بارزانی نه‌مر له‌ئه‌ده‌ب‌و كه‌لتوری كورده‌واری و له‌ ســــه‌ر زمانی گه‌وره‌پ

بارزانی

ره‌نگ دانه‌وه‌ی خه‌باتی بارزانی نه‌مر له‌ئه‌ده‌ب‌و كه‌لتوری كورده‌واری و له‌ ســــه‌ر زمانی گه‌وره‌پ

ره‌نگ دانه‌وه‌ی خه‌باتی بارزانی نه‌مر له‌ئه‌ده‌ب‌و كه‌لتوری كورده‌واری و له‌ ســــه‌ر زمانی گه‌وره‌پ ( ژیان و ڕه‌وتی خه‌باتی بارزانی نه‌مر )

ره‌نگ دانه‌وه‌ی خه‌باتی بارزانی نه‌مر له‌ئه‌ده‌ب‌و كه‌لتوری كورده‌واری و له‌ ســــه‌ر زمانی گه‌وره‌پیاوانی جیهان دا.

بارزانی نه‌مر  هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ی كه‌ هاتۆته‌ جیهانه‌وه‌و ده‌ستی به‌ خه‌بات و تێكۆشان له‌ڕیگه‌ی كوردو كوردستان دا به‌و په‌ڕی دلێری و ئازایه‌تی و دڵسۆزی بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی گیانی خۆی كردۆته‌ قوربانی و هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ سه‌ری نایه‌وه‌ ساتێكیش له‌ پێناوی ڕزگاری كوردو كوردستاندا نه‌سره‌وت و هه‌رگیز ڕۆژێ له‌ ڕۆژان سازشی له‌ سه‌ر بستێک له‌ خاکی کوردساتنا و كێشه‌ ڕه‌واکه‌ی گه‌له‌كه‌ی خۆی نه‌كردووه‌و وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌زن و سه‌ركرده‌یه‌كی لێ هاتوو و ڕابه‌رێكی گه‌وره‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد هاتۆته‌ مه‌یدانه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ ده‌بینین ڕه‌نگ دانه‌وه‌ی ناوی بارزانی نه‌مر له‌ سه‌ر زمانی گه‌لی گه‌وره‌پیاوانی جیهانی و كوردستانی و گه‌لێ كه‌سایه‌یتی و شاعیرو دڵسۆزانی كوردو كوردستان هاتۆته‌ سه‌ر زمانان. هه‌ژاری دانیشمه‌ندو نه‌مر زۆر به‌ سه‌ربه‌رزی و شانازیه‌وه‌ له‌ شیعرێكی بۆ بارزانی نه‌مر ده‌فه‌رموێ و ده‌ڵێت:

ئه‌گه‌ر دونیا ته‌م و مـــــژو تاریكه‌
ئه‌گه‌ر ڕێباز كه‌ندو كلــــــۆو باریكه‌
ئه‌گه‌ر شه‌وه‌و گرمه‌ی هه‌ورو بارانه‌
ئه‌گه‌ر به‌فره‌و شــــلێوه‌یه‌ و تۆفانه‌
ئه‌گه‌ر گـــــــێژو كڕێـــــــوه‌یه‌و بۆرانه‌
ئـه‌گه‌ر له‌ هه‌رجێ دا چه‌ته‌و گۆرانه‌
تــــــــۆ ڕێ نیشــــــــــــــمانده‌ری لاوانی
بۆ پێشه‌وه‌ پێشــمان كه‌وه‌ بارزانی
ئه‌گه‌ر هه‌وار نشـــێوه‌ یان هه‌ورازه‌
ئه‌گــه‌ر له‌هی و لافاوی بێ پێ بازه‌
ئه‌گه‌ر چه‌قه‌و لورو مڕه‌ی ده‌عبــایه‌
هه‌موو ده‌رو دۆلێك پــــڕی حــه‌زیایه‌
ئه‌گه‌رله‌هه‌ربن‌به‌ردێ نه‌عره‌ی دێوه‌
هه‌ر پێچێك پــــــڕی له‌ جندو خــێــوه‌
باكمان نیه‌ هێــــــزو گـــــوڕو دڵمـانی
بۆ پێشـه‌وه‌ پێشمان كه‌وه‌ بــارزانی

كه‌سایه‌تی بارزانی نه‌مر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه‌  وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی دیار له‌و بنه‌ماله‌ خه‌باتگێڕه‌وه‌ سه‌ری هه‌لداوه‌ كه‌ له‌ پێناوی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی دا  هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ سه‌ری نایه‌وه‌ وه‌ك  قاره‌مانێك و سه‌ركرده‌یه‌كی لێ هاتوو وشاره‌زاو شامێرێكی میللی مه‌‌زن و ماندو نه‌ناس هاته‌ مه‌یدانه‌وه‌و به‌ گیانێكی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی و دڵسۆزی و خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی جله‌وی كاروانی بزوتنه‌وی ئازادیخوازی گه‌لی كوردی ژێر ده‌سته‌ی داگیركه‌رانی گرته‌ ده‌ست و زۆر دلێرانه‌ له‌و ڕێگه‌ پیرۆزه‌دا خۆی به‌خت كردو ته‌نانه‌ت ساتێكیش نه‌سره‌وت وهه‌موو هیواو ئاواتێكی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردو كوردستان بوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش قاره‌مانانه‌  ڕوو به‌ڕووی ئه‌و داگیركه‌ره‌ دڕندانه‌ بۆوه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌لدانی بیری نه‌ته‌وایه‌تی كورد و سه‌رهه‌لدانی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی و خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورد بۆ ڕزگاری له‌ ژێر چنگی زولم و زۆرداری و چه‌وساوه‌یی دا هه‌میشه‌ له‌ خه‌بات وتێكۆشان نه‌وه‌ستاوه‌و بوه‌ته‌ دڕكی ناو چاوی نه‌یارانی كورد،دوژمنانی كور هه‌رده‌م به‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تیه‌وه‌ په‌لاماری كوردستانیان دایه‌و هه‌رچی كه‌ له‌ ده‌ستیان هاتبێ به‌و گه‌له‌ هه‌ژارو چه‌وساوه‌یه‌یان كردووه‌و  هه‌رگیز درێغیان له‌ كووشتن و په‌لاماردان و خاپوركردنی كوردستان به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی كوشه‌نده‌و ته‌نانه‌ت چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی جیهانیش وه‌ك ناپالم وچه‌كی كیمیاییش نه‌كردووه‌ و مرۆ كوژانه‌  هێرشیان بۆ سه‌ر گه‌لی كورد و كوردستان هێناوه‌و به هه‌زاران هه‌زارانیان به‌ كۆمه‌ڵ زینده‌ به چاڵ و ون و وێڵ كردووه‌ ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سالانی بیسته‌كانه‌وه‌،به‌ تایبه‌تی له‌و كاته‌ی كه‌ شۆڕشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی كوردیان كپ ده‌كردو كه‌ سایه‌تیه‌كی وه‌ك نه‌مر شێخ عه‌بدوالسلام  بارزانییان له‌ سێداره‌داو ئه‌و سه‌ركرده‌ كورده‌ دلسۆزه‌ی  كه‌گیانی خۆی كرده‌ قوربانی بۆ كوردو كوردستان و به‌ داگیركه‌رانی گوت كه‌ كوردستان ماڵی كورده‌و جێگه‌ی داگیركه‌رانی لێ نابێته‌وه‌،هه‌رله‌و ڕۆژگارانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆكه‌‌ش داگیركه‌رانی كوردستان له‌ هه‌رچوار لاوه‌ هێرشیان هێناوه‌ته‌ سه‌ر خاكی كوردستان و ئه‌م گه‌له‌ ئازادیخواز و نیشتمانپه‌روه‌ره‌یان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك داپلۆسیوه‌و به‌ هه‌زاران ڕۆله‌ی قاره‌مانی كوردیان له‌ ناو بردووه‌و له‌ زیندانه‌ ڕه‌شه‌كانیانه‌وه‌به‌ سێداره‌و ئازارو زه‌برو زه‌نگ به‌هه‌زاران كوردیان له‌ ناو بردووه‌،ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ دیرۆكی پڕ له‌ ژان و ئازاری ئه‌م كورده‌ چه‌وساوه‌یه‌ بده‌ینه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ به‌ سه‌دان قاره‌مانی خاكپه‌روه‌ر هاتۆنه‌ته‌كۆڕی مه‌یدان و دژی داگیركه‌رانی كوردستان گیانی خۆیان كردۆته‌ قوربانی و ڕوو به‌ ڕووی دوژمنانی دڕنده‌ بوونه‌ته‌وه‌،هه‌ر له‌ دوای سه‌رهه‌لدانی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و په‌یدابوونی كۆلۆنیالیزم له‌ كوردستانی داگیركراو دا گه‌لی كورد به‌ سه‌دان ڕۆله‌ی دلێر و قاره‌مانی پێ گه‌یاندووه‌و هاتوونه‌ته‌ كۆڕی خه‌بات و تێكۆشانی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی خوازی و كوردو داوای مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردیان كردووه‌و له‌و ڕێیه‌وه‌ بیری كوردایه‌تی ونیشتمانپه‌روه‌ریان له‌ ته‌واوی كوردستان دا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردووه‌.
بارزانی نه‌مریش  هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه‌ كه‌ له‌ دایك ده‌بێت واته‌ له‌ سالی 1903 دا  له‌ بارزانی مه‌لبه‌ندی خه‌بات و ڕاپه‌ڕین و تێكۆشان دا چاوی ده‌كاته‌وه‌و  دێته‌ جیهانه‌وه‌و له‌ ته‌مه‌نی شه‌ش  سالیدا ده‌كه‌وێته‌ زیندانه‌وه‌ و له‌ به‌ندیخانه‌ی موسل له‌ گه‌ل دایكی ئازیز و نه‌مری دا به‌ند ده‌كرێتن و له‌ ناو زیندانی ڕه‌شی دوژمنانی كوردو كوردستان دا بۆ ماوه‌یه‌ك ژیان ده‌باته‌ سه‌ر.

بارزانی نه‌مر هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاویه‌تی دا هه‌ستی پاكی كوردایه‌تی ده‌جۆشێ و چاوی به‌ چه‌وساوه‌یی و هه‌ژاری و ڕه‌تێندراوه‌یی گه‌له‌ هه‌ژاره‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌وێت و گیانی پاكی كوردایه‌تی و دلسۆزی بۆ كوردو كوردستان ده‌جۆشێت و ویژدانی پاكی خاكپه‌روه‌ری ده‌جولێ و په‌یمان به‌ كوردو كوردستان ده‌دات كه‌ تا ئه‌و ساتانه‌ی گیانی ماوه‌ خۆی له‌ ڕێگه‌ی ڕزگاری گه‌لی كورد به‌خت بكات و هه‌رگیز ڕۆژێ له‌ ڕۆژان موساوه‌مه‌ له‌ سه‌ر مافه‌ ڕه‌واكانی میللی خۆی نه‌كات و تا هێزی له‌ جه‌سته‌ دامابێ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی سه‌ركرده‌و لێ هاتوو به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارو پڕ له‌ توانایه‌ی ئه‌وداگیركه‌ره‌ دڕندانه‌ ده‌بێته‌وه‌و به‌ بیرو باوه‌ڕی به‌رزی كوردایه‌تی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی دوژمنانی پڕ‌ هێزو پڕله له‌ چه‌ك وجبه‌خانه‌ ده‌بێته‌وه‌،هه‌رگیز سلی له‌ داگیركه‌ره‌ دڕنده‌كان نه‌كردووه‌ و به‌ بیرو باوه‌ڕی پاكی كوردایه‌تی له‌ پێناوی ڕزگاری دا بوه‌ته‌ چقلی چاوی داگیركه‌ران، هه‌رچه‌ند دوژمنان به‌تۆپ و ته‌یاره‌ و هه‌موو هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانیانه‌وه‌ شه‌ڕیان به‌ سه‌ر كوردستانه‌وه‌ دا سه‌پاندووه‌وكوردستانیان زیاتر وێران ده‌كرد،بارزانی نه‌مر بیرو باوه‌ڕی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌كه‌ی زیاتر له‌ ناو دل و ده‌روون دا ده‌چه‌سپاو حیرسی مه‌ردانه‌و دلێرانه‌ی به‌ هێز تر ده‌بێت و دێته‌ مه‌یدانی خه‌بات و تێكۆشان و ڕوو به‌ ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و زل هێز و داگیركه‌ره‌ فاشست و نامه‌ردانه‌و‌ به‌و په‌ڕی ئازایه‌تی و لێ هاتویی روبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌و ته‌نگیان پێ هه‌ل ده‌چنێت.

ده‌بینین  كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سالانی 1917 دا بارزانی نه‌مر بۆ كارو باری هاوكاری كردنی شۆڕش له‌ ناوچه‌ی باكوری كوردستانه‌وه‌ له‌ گه‌ل پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی خۆی دا ده‌چێته‌ موش و له‌وێ چاوی به‌ شێیخ عه‌بدوالقادری نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران ده‌كه‌وێت و هه‌موو هێز و توانایه‌كی خۆی بۆ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كانی ئه‌و ڕۆژگارانه‌ ته‌رخان ده‌كات،چونكه‌ بارزانی نه‌مر هه‌رگیز باوه‌ڕی به‌و سنوره‌ دروستكراوه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان نه‌بووه‌ و هه‌میشه‌ كوردستانیانه‌ بیری كردۆته‌وه‌ و به‌ كرده‌وه‌ش ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ له‌ هه‌رشوێنێ پێویست بووبێ ئه‌وه‌ بارزانی نه‌مر بوو به‌ هه‌ستی پاك و ده‌ست و بازووی پۆلاینی خۆی و پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی له‌ جه‌نگه‌ی به‌ره‌نگاری و ڕوو به‌ڕوو بونه‌وه‌ی  هه‌موو هێزێكی داگیركه‌رانه‌وه‌ بوونه‌، هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌ پڕ له‌ ئازایه‌تیه‌كانی  به‌ سه‌ر دوژمنان دا قه‌ت و قه‌ت مه‌غروور نه‌بووه‌و قه‌تیش له‌ شكه‌ست و سه‌رنه‌كه‌وتن دا بارزانی نه‌مر بێ هیواو بێ ئاواتی سه‌ركه‌وتن نه‌بووه‌و قه‌تیش  وره‌ی به‌رزی خه‌بات و تێكۆشانی نه‌ڕوخاوه‌،باشترین به‌لگه‌ش شۆڕشه‌ پڕ له‌ تواناو هێزه‌كانی بارزانی نه‌مره‌ هه‌رله‌ شۆرشه‌كانی بارزان و له‌ مه‌هابادی خوێناوی  تا شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زنه‌وه‌.

هه‌ر له‌و ڕۆژگارانه‌ی سه‌رده‌می زوودا ده‌بینین بارزانی نه‌مر به‌ فه‌رمانی شێخ ئه‌حمه‌دی برا گه‌وره‌ی خۆی  هێزێكی گه‌وره‌ پێك دێنێت و به‌ره‌و سلێمانی به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و بۆ هاوكاری و یارمه‌تی دانی شۆڕشی شێخ مه‌حمودی نه‌مر كه‌ له‌و ڕۆژگارانه‌ دا سه‌ری هه‌لدا بوو،بارزانی ده‌چێت و له‌و ڕێگه‌یه‌ش‌دا توشی به‌ شه‌ڕو شۆڕێكی زۆر ده‌بێت و ڕوو به‌ڕووی هێزی داگیركه‌ران و خۆ فرۆش و پیاوانی دوژمنان ده‌بێته‌وه‌ و زۆربه‌ی هێزه‌كانی كوردی سه‌ر به‌ ئینگلیز له‌ گه‌ل بارزانی دا به‌ شه‌ڕ دێن و له‌ ناوچه‌ی باله‌ك دا  ده‌یانه‌وێ ڕێگه‌ له‌ چوونی بارزانی بۆ ناوچه‌ی سلێمانی بگرن و به‌لام هێزی بارزانی دوژمنان تێك ده‌شكێنێ و به‌ره‌و سلێمانی ده‌ڕۆن، كه به‌ داخه‌وه‌ تا ده‌گه‌نه‌ ناوچه‌ی سلێمانی شۆڕشی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ ده‌ستی  ئینگلیزه‌كان و دوژمنانی كورد  نامینێ و كپ ده‌كرێت .

له‌ سالانی 1920 تا 1921 ده‌بینین چۆن گیانی مرۆڤ دۆستی ده‌جولێت و چه‌ند سه‌ر به‌رزانه‌ به‌ره‌و كوردستانی باكور به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و به‌ مه‌به‌ستی  هاوكاری و یارمه‌تی دانی برا ئه‌رمه‌نیه‌كان كه‌ به‌ر شالاوی هێرشی ناڕه‌وای توركه‌كان ده‌كه‌ون و بارزانی نه‌مر زۆر قاره‌مانانه‌  ده‌چته‌ ناوچه‌ی كوردستانی باكورو له‌وێ  سه‌ربه‌رزانه‌ هاوكاری له‌ گه‌ل (ئه‌ندرانیكی) پاشای ئه‌رمه‌نیه‌كان له‌ كاتی ڕه‌شه‌ كوژیه‌كه‌ی دژ به‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان ده‌كات و (ئه‌ندرانێك ) و خاوو خێزانی ئه‌و ئه‌رمه‌نیانه‌ له‌ ژێر چنگی  توركه‌ دڕنده‌كان ڕزگار ده‌كات و به‌ره‌و سوریایان ده‌باو به‌ سه‌لامه‌تی ده‌ربازیان ده‌كه‌ن و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شی دا  توشیان به‌ شه‌ڕ و شۆڕێكی زۆر له‌ ناوچه‌ی زاخۆ دا ده‌بێت وكۆمه‌لێ له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی شه‌هید ده‌كرێن و بارزانی به‌ ناو ئه‌و هه‌موو دوژمنانه‌ی كوردو كوردستان دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مه‌لبه‌ندی خه‌بات و تێكۆشانی بارزانی هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو.

   بارزانی نه‌مر كه‌ ده‌چێته‌ كوردستانی ڕۆژهه‌لات و بۆ هاوكاری كردن و سه‌رخستنی كۆماری مه‌هاباد وك كه‌سایه‌تیه‌كی شۆڕشگێرو ناودارو دیار له‌و كۆماره‌ ساوایه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ گه‌ل ته‌واوی پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی خۆی له‌ گه‌لێ شه‌ڕو شۆڕ دژی ڕژێمی ئێرانی سه‌رده‌كه‌وێت و هه‌میشه‌ دوژمنایی خۆی شكاندووه‌و نه‌یان توانیوه‌ كه‌ به‌ سه‌ر بارزانی له‌ مه‌یدانی ته‌واوی شه‌ڕه‌كان دا زال ببن و هه‌میشه‌ بارزانی نه‌مر ده‌ستی كوشه‌نده‌ی خۆی له‌ دوژمنان وه‌شاندووه‌و پارێزگاری له‌و كۆماره‌ ساواه‌یه‌ی كورد كردووه‌و خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازادیخوازی گه‌له‌كه‌ی خۆی له‌ ڕۆژهه‌لاتی كوردستاندا زانیووه‌و،ئه‌مانه‌ هه‌موویان نیشانه‌ی كوردستانیه‌تی بارزانی هه‌رده‌م زیندووه‌،تا به‌ داخه‌وه‌ كه‌ كۆماری مه‌هاباد شكه‌ست ده‌خوات و بارزانی نه‌مر دیسان ته‌سلیم به‌ دوژمنانی نابێته‌وه‌ و له‌ شه‌ڕ و پێك دادانێكی زۆر به‌ره‌و چۆمی ئاراس ده‌ڕۆن و دوای ده‌ها شه‌ڕی سه‌ركه‌وتوانه‌ ده‌گه‌نه‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و ماوه‌ی دوازده‌ سالان له‌ نامۆیی و ژیانی غه‌ریبی دا ده‌به‌نه‌ سه‌ر ده‌به‌ن،خۆ ئه‌گه‌ر داستانی به‌ره‌و سۆڤیه‌ت چونی بارزانی نه‌مر و هه‌ڤالانی بكرێ به‌ فیلمێكی سینه‌مایی و بخرێته‌ سه‌ر شانۆی سینه‌ماو پیشان بدرێت پێم وایه‌ كه‌ باشترین و گه‌وره‌ترین و به‌ هێز ترین فیلمی به‌رگری و به‌رخودان و پاله‌وانه‌تی بارزانی نه‌مرو هه‌ڤالانی ده‌رده‌كه‌وێت و كه‌ چۆن له‌و ماوه‌یه‌دا دوژمنان له‌ هه‌رچوار لاوه‌ ویستویانه‌ كه‌ نه‌یه‌لن ئه‌و هێزه‌ شۆڕشگێڕو قاره‌مانه‌ی بارزانی نه‌مر له‌ سنوره‌كانه‌وه‌ ده‌رباز ببن و به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بڕۆن،به‌لام بارزانی و هه‌ڤالانی له‌ گه‌ل ئه‌و هێزه‌ زله‌ی دوژمنان دا به‌ره‌نگار ده‌بنه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجام دا سه‌ربه‌رزانه‌ به‌ره‌و ئه‌و قوناغه‌ی كه‌ بۆی ده‌چن ده‌گه‌نه‌ جێگه‌ی خۆیان و هیوای دوژمنان له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ نا ئاكام ده‌كه‌نه‌‌وه‌و له‌ئاراس ده‌په‌ڕنه‌وه‌ و ده‌چنه‌ سۆڤیه‌ت.
ئه‌گه‌ر به‌ وردی ئاوڕ له‌ مێژووی پڕ له‌ شانازی و خه‌باتی بێ وچان و پڕ له‌ قاره‌مانه‌تی بارزانی نه‌مر بده‌ینه‌وه‌ و ده‌بینین هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای یه‌كه‌مین شۆشی بارزان له‌ سالانی 1931 دا كه‌ توشیان به‌ هێرشی داگیركه‌ران ده‌بێت و دوژمنان هێرێشێكی ناڕه‌وایانه‌ ده‌كه‌ن سه‌ر ناوچه‌ی بارزان و به‌ هێزیكی زۆری ئه‌و سه‌ردامانه‌و بۆمباران كردنی ئه‌و ناوچانه‌ په‌لاماری كوردستان ده‌ده‌ن ، به‌لام بارزانی نه‌مر له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ئه‌و ڕۆژگارانه‌دا سه‌ركه‌وتوانه‌ ده‌رده‌چێت و دوژمنای كورد شكه‌ست ده‌خۆن و زه‌ره‌رو زیانێكی زۆریشیان وێ ده‌كه‌وێت و به‌ سه‌ر شۆڕیوه‌ پاشه‌ كشه‌ ده‌كه‌ن، شــــه‌ڕه‌كانی( به‌رقی به‌گ)و( دۆلی قاژێ )و هه‌موو شه‌ڕه‌كانی تری ئه‌و ساتانه‌و ڕۆژگارانه‌ به‌لگه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌ن كه‌  زۆربه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتنی بارزانی نه‌مر ته‌ووا ده‌بێت و نه‌یاران شكه‌ست ده‌خۆن ،ئه‌مه‌ش بۆ خۆی نیشانه‌ی لێ هاتوویی و ڕابه‌رایه‌تی و زانایه‌تی بارزانی نه‌مرو ڕۆله‌ پێشمه‌رگه‌كانیه‌تی كه‌ له‌ مه‌یدانی شه‌ڕی پارتیزانی دا ئاوا شۆڕشگێڕانه‌ و قاره‌مانانه‌و به‌كارامه‌یی‌و لێ هاتووییه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وتن و شكه‌ست به‌ نه‌یاران ده‌ده‌ن ، ئه‌مه‌ بۆ خۆی دیارده‌ی هه‌ستی پاك و بیرو باوه‌ڕی به‌ هێزی نیشتمانپه‌روه‌ری به‌رزی بازانی نه‌مر و پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانیه‌تی كه‌ له‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كانی ئه‌و سالانه‌دا به‌ سه‌ر دوژمنان دا زال ده‌بوون.

ده‌بینین بارزانی نه‌مر هه‌میشه‌ هیوای ئاشتی و ئارامی و ئاسایش بووه‌ له‌ كوردستان دا،هه‌رگیز هۆكاری شه‌ڕ داسه‌پاندن و په‌لامار دان  بۆ سه‌ر دوژمنان نه‌بووه‌و قه‌ت بۆ شه‌ڕ كردن  ده‌ست پێشخه‌ر نه‌ووه‌ و هه‌رگیز حه‌زی له‌ خوێن ڕشتن و كوشتی خه‌لكی بێ تاوان نه‌كردووه‌ و  هه‌میشه‌ بارزانی نه‌مر ویستوویه‌تی كه‌ به‌ ئاشتی و ئاسایش و ته‌بایی له‌ گه‌ل گه‌لانی تر بژیت و مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كورد به‌ ده‌ست بێنێ و له‌ هه‌ركاتێ كه‌ دوژمنانی كوردو كوردستانیش شه‌ڕیان به‌ سه‌ر بارزانی داسه‌پاندبێ ئه‌وا بارزانی نه‌مر به‌ ناچاری و بۆ به‌رگری له‌ كه‌ڕامه‌ت و شه‌ڕه‌فی میلله‌ته‌كه‌ی قاره‌مانانه‌ به‌رگری كردووه‌ و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ سه‌ریشی نایه‌وه‌ دوژمنانی كوردو كوردستان نه‌یان توانی كه‌ ته‌نیا ڕۆژێكیش به‌ سه‌ر هه‌ست و ویست و خواستی بارزانی نه‌مر به‌ هێزی سه‌ربازی پڕ له‌ توانایانه‌وه‌ زال ببن،هه‌میشه‌ دوژمنانی كورد شه‌ڕیان به‌ سه‌ر بارزانی و گه‌لی كورد  داسه‌پاندوه‌ و هه‌میشه‌ش  هه‌ر شكه‌ستیان خواردووه‌،ئه‌وه‌ش دیارو ڕوونه‌ له‌ به‌ر چاوی هه‌موو مرۆڤێكی خاوه‌ن ویژدان و دلسۆز‌ كه‌ بارزانی نه‌مر له‌ هه‌ر كات و ساتێك دا ده‌ستی ئاشتی بۆ درێژ كرابێ و هه‌رگیز ئاشتی ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه‌،كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی دیارده‌یه‌كی مه‌ردایه‌تی و گه‌وره‌یی و هه‌ستی پاكی بارزانی نه‌مر‌ دیار ده‌دات كه‌ قه‌ت وقه‌ت شه‌ڕ خواز نه‌بووه‌ ،له‌ ماوه‌ی ژیانی پڕ له‌ قاره‌مانه‌تی و ئازایه‌تی بارزانی و لێ هاتوویی دا وه‌ك سه‌ركرده‌و سیاسه‌تمه‌دارێكی كوردو پڕ به‌ پیستی ڕۆژگاران و سه‌رده‌می خۆی له‌ ماوه‌ی سه‌د سالی ڕابووردرو دا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی بێ وێنه‌ و مه‌زن هه‌لكه‌وتووه‌.

بارزانی نه‌مر له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌بات و تێكۆشانه‌ی دا قه‌ت ڕۆژێ له‌ ڕۆژان هه‌رگیز  ده‌ستی بۆ كاری مرۆ كوژی و كاری ترۆرستیانه‌ نه‌بردووه‌، قه‌ت ڕۆژێ له‌ ڕۆژان بڕیاری ڕه‌شكوژی خه‌لكی نه‌داوه‌، بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد قه‌ت و قه‌ت له‌ ژێر سایه‌ی رابه‌رایه‌تی بارزانی دا  ده‌ستی بۆ كاری ترۆریستانه‌ نه‌بردووه‌و به‌ ناوی تۆله‌ سه‌ندنه‌وه‌ش قه‌ت ئه‌م كاره‌ ترسنۆكانه‌یان له‌ ماوه‌ی ژیانی بارزانی و ڕێبازه‌ مه‌رزنه‌كه‌ی دا ڕووی نه‌داوه‌،له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌میشه‌ تواندراوه‌ گه‌لێ كاری ئاوا بۆ تۆله‌ سه‌ندنه‌وه‌ بكرێت،به‌لام حیكمه‌تی ڕاست و دروستی بارزانی نه‌مر قه‌ت ڕۆژێ له‌ ڕۆژان باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ تاوانباران و بێ تاوانان وه‌ك یه‌ك بژمێردرێ و بۆ ڕواندنی ترس له‌ ناو دلی خه‌لك و دوژمنانیش دا كاری ناڕه‌وایانه‌ی مرۆ كوژانه‌ ئه‌نجام بدرێت ، بارزانی نه‌مر قه‌ت بڕیاری ئه‌م كاره‌ی نه‌داوه‌و ئێستاش هه‌ر له‌ سایه‌ی حیكمه‌ت و قاره‌مانه‌تی ئه‌و سه‌ركرده‌ ڕابه‌ره‌ نه‌مره‌مانه‌ كه‌ پێڕه‌وانی ڕێبازه‌كه‌ی هه‌رگیز ده‌ست بۆ كاری دژ به‌ مرۆڤایه‌یه‌تی و ترۆریستی نابه‌ن.

من كه‌ خۆم به‌ سه‌ر به‌رز ده‌زانم له‌وه‌ی كه‌ پێشمه‌رپه‌یه‌كی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن به‌ سه‌ركردایه‌تی بارزانی نه‌مر و شۆڕشی گولانی سه‌ركه‌وتو بوویمه‌،هه‌رگیز ڕۆژێ له‌ ڕۆژان هه‌ستم به‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ بارزانی نه‌مر بڕیارێكی وای دابێت كه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و یان بۆنێكی ترۆریستانه‌ی لێ بێت و هه‌میشه‌ به‌و په‌ڕی دلسۆزیه‌و ڕوانیویه‌ته‌ ژیانی هه‌موو مرۆڤێك و  ڕێگه‌ی به‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت كارێكی وا بكرێت ئه‌گه‌ر شكه‌ستیش بێتن بۆ دوژمنان و گیانی چه‌ند كه‌سانی بێ گوناه بكه‌وێته‌ خه‌ته‌ره‌وه‌ و یاخود كارێكی ناڕه‌وایانه‌ بكرێت،ئه‌م كاره‌ زشته‌ قه‌ت ئه‌نجام نه‌دراوه‌ ، بارزانی نه‌مر هه‌میشه‌ ده‌یفه‌رموو ده‌بێ كارێكی ئاوا ئه‌نجام نه‌درێتن كه‌ ببێ به‌ هۆكاری زیان گه‌یاندن به‌ خه‌لكانی بێ تاوان،ئه‌م سیفه‌ته‌ مه‌زنه‌ی بارزانی هه‌ر له‌ درێژایی ڕۆژانی ده‌ست به‌ خه‌بات كردنیدا له‌ پێناوی ڕزگاری و ئازادیخوازی دا دیارده‌یه‌كی دیارو ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی جێگه‌ی شانازیه‌كی گه‌وره‌و دلسۆزیه‌كی مه‌زنه‌ بۆ گیانی پاكی بارزانی نه‌مرو ئه‌و شامێره‌ی ڕه‌مزی كوردایه‌تیمان‌.

بۆیه‌كه‌ ده‌بینین كه‌ ده‌نگی ڕه‌سای بارزانی هه‌میشه‌ زیندوومان له‌ ناو دل و ده‌روونی سه‌دان ڕۆله‌ی ڕۆشه‌نبیرو خاكپه‌روه‌رو دلسۆز و شاعیران و نوسه‌رانی كورد و كه‌سایه‌تیه‌كانی ناو میلله‌تانی تریش له‌ عه‌ره‌ب و فارس و خه‌لكانی تریش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ باسی هێژایه‌تی و گه‌وره‌یی ئه‌و سه‌ركرده‌ كورده‌ مه‌زنه‌ و دلسۆزه‌ ده‌كه‌ن و ده‌بینین كه‌ له‌ سه‌ر زمانی ناودارانی جیهانیش باسی سه‌ربه‌رزی و شامێری بارزانی كراوه‌.

له‌ سالی 1945دا بالیۆزێكی ئه‌مریكا له‌ تاران به‌ ناوی جۆرج ڤالان ده‌لێت:مسته‌فا بارزانی وه‌ك پیاوێكی خاوه‌ن شكۆ و لێ هاتوو ناوی دیاره‌  و ده‌لێت : سیمای ئه‌و دووچاوه‌ تیژانه‌ و ڕوخساری ئه‌و مرۆیه‌ دیاره‌ كه‌ مرۆیه‌كی به‌رز و ئازاو  وره‌ به‌تین و نه‌ترسه‌و هه‌ر له‌ تافی لاویه‌تیه‌وه‌ جله‌وی كێشه‌كانی زۆر به‌ توندی و دروستی گرتۆته‌ ده‌ست بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی كه‌ سه‌رخستنی كێشه‌ی ڕه‌وای كورده‌، ئه‌و سه‌فیره‌ ئه‌مریكاییه‌ ده‌لێت:بارزانی نه‌مر  به‌ درێژایی سالانی ڕابه‌رایه‌تی كردنی بزافی گه‌لی كورد توانیویه‌تی كه‌ شاره‌زایی و لێ هاتوویی خۆی  و دیبلۆماسیه‌تی خۆی و دارژتنی نه‌خشه‌ی سه‌ربازی و بۆ سه‌ركه‌وتنی كێشه‌ی كوردو ئامانجه‌كانی بخاته‌ ڕوو  هه‌روه‌ها پسپۆریه‌تی و شاره‌زایه‌تی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌ بواری ژیان ناسی ده‌ورو به‌ری خۆی دا .

هه‌روه‌هائه‌بولحه‌سه‌نی  ته‌فره‌شیان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌فسه‌رانی ئێرانی ده‌لێتن:

له‌ بیرمه‌ له‌ مه‌هاباد له‌ لایه‌ن میرحوسێن خان وه‌زیری به‌رگری قازی موحه‌ممه‌د ده‌ركه‌وتین،مه‌لامسته‌فام بینی وه‌ك په‌یام به‌رێك له‌ ناو هه‌ڤالانی خۆی دا وه‌ستا بوو،فیشه‌كی به‌ سه‌ریان دا دابه‌ش ده‌كرد،بۆیان ده‌دوا،كاتێك كه‌ منی بینی زۆر به‌ گه‌رمیه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووم هات ، پێشتر ئه‌وم ده‌ناسی،پاش ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ی بینی گوتی:من پێشه‌وه‌ری نیم و په‌ناهیانیش نیم كه‌ له‌ كاتی ئاشتیدا سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا بم و له‌ كاتی شه‌ڕیش دا كت و پڕ سه‌ر له‌ باكۆ ده‌رێنم خۆم و ئه‌م تفه‌نگه‌م كه‌ (تفه‌نگه‌كه‌شی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو)  هه‌تا ئه‌م تفه‌نگه‌م به‌ ده‌سته‌وه‌ مابێ، خۆم خاوه‌نی خۆمم،خزمه‌تكاری هیچ هێز و حكومه‌تێكیش نیم نه‌ ئینگلیز نه‌ ئه‌مه‌ریكا و نه‌ ڕووس.

ته‌فره‌شیان ده‌لێت: پاش ئه‌وه‌ی پتر له‌ گه‌ل یه‌ك دواین هه‌ستم به‌وه‌ كرد كه‌ بارزانی له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ به‌رچاوی ڕوونه‌ هه‌ر خۆی به‌ هه‌مان شێوه‌وه‌ ده‌یگوت:ئه‌وه‌ هه‌ل و مه‌رجی دونیایه‌ كه‌  رووسه‌كان یارمه‌تی ئێمه‌ ده‌ده‌ن.ئه‌وان ئێستا له‌م ناوچه‌دان پێویستیان به‌ ئێمه‌ هه‌یه‌،بۆیه‌ ئێمه‌ش ده‌توانین له‌ پێناوی سه‌رفیرازی  بوونی كوردستان سودیان لێ وه‌ر بگرین،من كۆمۆنیست نیم،فیۆدالیش نیم من دیموكراتم.
به‌لێ ئه‌و هه‌سته‌ مه‌زنه‌ی بارزانی له‌و ڕۆژگارو سه‌رده‌مانه‌ دا به‌ڕاستی تا بلێی به‌رزه‌و وه‌ بارزانی نه‌مر نیشانی دا كه‌ مرۆی هیچ كه‌سێك نیه‌و كوردێكی دیموكرات و سه‌ربه‌رز و ئازاو مه‌زنه‌ كه‌ خه‌بات و تێكۆشانی پڕ له‌ شانازی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌ دیارده‌ی ئه‌و سه‌روه‌ریه‌ته‌ن.

هه‌روه‌ها دكتۆر گونته‌ری ڕۆژنامه‌ نوس و لێكۆله‌ره‌وه‌ی ئه‌لمانی ده‌لێت:
له‌ ڕۆژه‌كانی سالانی 1979 دا له‌ وه‌رزێكی به‌هاردا چاوم بڕیبوه‌وه‌ ڕێ و ڕه‌سمی به‌ خاك سپاردنی بارزانی نه‌مر ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و حه‌مكه‌ جه‌ماوه‌ره‌ی  بۆ به‌ خاك سپاردنی مرۆیه‌كی ئاوا هاتوون  بۆ ئێره‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی دیارده‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاتوون ته‌رمی ئه‌و مرۆیه‌ مه‌زنه‌ ببینن و ڕێزی لی بنێن و مال ئاوایی له‌ گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌ی عه‌سكه‌ری و سیاسی خۆیان بكه‌ن.

نه‌مر پیشه‌وا قازی موحه‌ممه‌دیش ده‌لێت:مه‌لا مسته‌فا بارزانی خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ و مایه‌ی شانازی ئێمه‌یه‌، ساله‌هایه‌ كه‌شه‌ڕی دوژمنانی كورد ده‌كات و هه‌رگیز چۆكی به‌رامبه‌ر دوژمنانی كورد دانه‌داوه‌،له‌م ڕۆژانه‌ بیستومه‌ كه‌ كه‌مێ لێمان نگه‌ران بووه‌،ئێمه‌ مه‌لا مسته‌فا به‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێك ده‌زانین و ئه‌مڕۆ مه‌لا مسته‌فا پێشڕه‌وی بزافی كوردایه‌تیه‌و برای خۆشه‌ویستمانه‌،بۆیه‌كه‌ زۆرمان پێ ناخۆشه‌ كه‌مه‌لا مسته‌فابارزانی لێمان بڕه‌نجێت هه‌رواها گوتویه‌تی كه‌ ئێمه‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌ پێشڕه‌وی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد ده‌زانین و ته‌واوی كوردستان مالی خۆیه‌تی.

نه‌به‌ردیه‌تی بارزانی نه‌مر  جێگه‌ی خۆی گرتوه‌و به‌ سه‌دان نوسراوی به‌ پێز و شیعری نیشتمانی و شۆڕشگێڕی و دلسۆزی به‌رامبه‌ر ئه‌و قاره‌مانه‌مان له‌ ناو دل و ده‌روونی كوردانی دلسۆز و خاوه‌ن وه‌فاو پێشمه‌رگه‌ی ڕێبازی بارزانی و كه‌سایه‌تی كوردو شاعیران دا هه‌لقولاوه‌و زۆر به‌ دلسۆزانه‌و ڕه‌وایانه‌ به‌و قاره‌مانه‌ هه‌رده‌م زیندوه‌یان هه‌لگوتووه‌،ده‌بینین شاعیری گه‌وره‌و مه‌زنی كورد پیره‌مێرد له‌ كاتی په‌ڕێنه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر له‌ چۆمی ئاراسه‌وه‌ ده‌لێت:

عه‌شره‌ت هاواره‌ عه‌شره‌ت هاواره‌
كه‌وتومه‌ ئاراس ئاو بێ بواره‌
ڕێم نیه‌ منیش شوێن ئه‌وان كه‌وم
پیرم هه‌نگاوێك بنێم نه‌كه‌وم
لێره‌ش وا كه‌وتووم به‌ده‌م ده‌رده‌وه‌
له‌ ئێشی دووری و ئاهی سه‌رده‌وه‌
دكتۆر ده‌وای تۆم ناوێ لێم گه‌ڕێ
به‌لكه‌م به‌ ئاهم ده‌وران وه‌رگه‌ڕێ
یا وا وه‌رگه‌ڕێ نێلم سه‌ركه‌وێ
یازرمه‌ی تۆپی زه‌ڕڕه‌ی به‌ركه‌وێ
ئه‌وساكه‌ دوعای من وا گیرابێ
له‌ خانه‌ی خاكا ئاواتم نابێ
ئینجا ته‌لقینم بده‌ن به‌ كوردی
بلێن ئاواتت هاته‌ جێ و مردی

هه‌ر له‌ شوێنێكی تر دا هه‌ژاری نه‌مر له‌ كتێبه‌كه‌ی بارزانی دا ده‌لێتن: بارزانی هه‌میشه‌ هیوای وه‌دی هاتنی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردو كوردستان بوو و بارزانی خود موختاری به‌ په‌یژه‌یه‌ك ده‌زانی كه‌ پیا سه‌ركه‌وێت و به‌ره‌و كوردستانێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆ بڕوات،هه‌ژار ده‌لێ  ڕۆژێكیان له‌ گه‌ل بارزانی به‌ یه‌كه‌وه‌ دوو به‌ دوو له‌ شوێنێ بووین،من به‌ بارزانیم گوت:كورد ده‌وله‌تی هه‌بێت ناتوانێ ئیداره‌ی بكات،چونكه‌ بواری كه‌ناری ده‌ریامان نیه‌.بارزانی له‌وه‌رام دا گوتی:هه‌ژار قسه‌ی سه‌یر ده‌كه‌یت!شه‌ره‌فنامه‌شت وه‌رگێڕاوه‌و ئه‌م قسانه‌ش ده‌كه‌ی؟ئه‌ی نازانی كه‌ لایه‌كی كوردستان ته‌نگه‌ی هورمزه‌و لایه‌كیشی ئه‌سكه‌نده‌ڕۆنه‌یه‌و كوردستان له‌ دوو لاوه‌ پالی به‌ ده‌ریاوه‌ داوه‌؟

هه‌ژار ده‌لێت بارزانی دیباچه‌كه‌ی مه‌م و زینی خانی به‌ سه‌ر مه‌شقی خۆیه‌وه‌ ده‌زانی و له‌ به‌ری بوو و گه‌لێك جاران ئه‌و دوو به‌یته‌ی ده‌خوێنده‌وه‌و ده‌یفه‌رموو:
گه‌ردێ هه‌بوایه‌ مه‌ ئیتحاده‌ك
وێكرا بكرامه‌ ئینقیاده‌ك
تورك و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م تمامی
هه‌میان ژمه‌ڕا دكرد غولامی
*
له‌ چاو پێكه‌وتنێك داله‌ گه‌ل(ئه‌لێكسه‌نده‌ر ڤیكتۆرهپیچ)كه‌ جه‌نه‌رالێكی ده‌زگای پاراستنی ڕوسی بووه‌و له‌و ڕۆژگارانه‌دا كه له‌ بارزانی نه‌زیك بووه‌ ئه‌وه‌ش به‌ هۆی پێ سپاردنی كارو بار له‌و ده‌زگایه‌دا،ئه‌مه‌ش له‌ په‌ڕتوكێك به‌ ناوی  (شاندێكی نهێنی بۆ ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست )كه‌ دكتۆر ئه‌فراسیابی هه‌ورامی كردوویه‌ به‌ كوردی و له‌ و چاو پێكه‌ونه‌دا له‌ وه‌رامی پرسیارێك ده‌رباره‌ی بارزانی نه‌مر وا ده‌لێت:

له‌به‌رچی من له‌ سه‌ر بارزانیم له‌م په‌ڕتوكه‌م دا نوسیوه‌؟و ده‌لێت: زۆر ئاشكرایه‌ كه‌ بازنی یه‌كێكه‌ له‌ و پیاوه‌ مه‌زنانه‌ی كه‌ تا بلێی هوشیارو چالاك و سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌،ئه‌و خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی ساده‌ نه‌بوو بۆیه‌ كه‌ هه‌ر ئاوا به‌ ئاسانی ناتوانین ته‌نیا له‌ لایه‌نه‌كه‌وه‌ له‌ سه‌ری بدوێین)ده‌لێت(بارزانی ماوه‌ی 40 سال خه‌باتی كردووه‌ و تێكۆشاوه‌ و هه‌ول و خه‌باتی ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ نه‌بووه‌ كه‌ هه‌ر وه‌ها به‌ هاسانی لێی بدوێین ئه‌وه‌ش  بۆچ ؟ چونكه‌ گرفتی خه‌لكی كورد په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تێكه‌وه هه‌یه‌ كه‌ گشت كێشه‌كانی مرۆڤی پێیه‌وه‌ به‌نده‌، كه‌ ئه‌ویش نه‌وته‌(پترۆل) نه‌وتیش یانی به‌رژه‌وه‌ندی، كوردستانیش كه‌ كانگای ئه‌م كالایه‌ به‌ نرخه‌یه‌یه‌ ، بۆیه‌كه‌ خه‌بات كردن بۆ كوردستانێكی كه‌ كانگای نه‌وته‌، ئه‌وه‌نده گالته‌ نیه‌،ئه‌ركی مه‌لا مسته‌فا له‌ نێوان چاو چنۆكی زلهێزه‌كانی جیهان و مافی كورد و خه‌باته‌كه‌ی ئه‌ركێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان و سه‌رپێیی نه‌بووه‌،ڕاسته‌ كه‌ مه‌لا مسته‌فا  ڕوو به‌ڕووی  ڕژێمه‌كانی  عێراقی بوه‌ته‌وه‌ به‌لام له‌ گشت ئه‌وانه‌وه‌ كۆمه‌لێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان هه‌بووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ زلهێزه‌كانی جیهانیه‌وه‌ هه‌یه‌و بووه‌، زلهێزه‌كانیش به‌ سۆڤیه‌تیشه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان دا په‌یوه‌ندیان به‌ بارزانیه‌وه‌ ده‌كردو ده‌یانڕوانیه‌ گرفتی كوردی،هه‌ر له‌ دوای ڕمانی كۆماری مه‌هاباده‌وه‌ بارزانی گه‌یشته‌ لای ئێمه‌وه‌ ،ئ ێمه‌ گه‌لێكمان هه‌ول دا كه‌ بارزانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆمان به‌ كار بهێنین،له‌ پێش گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ كوردستان و عێراق گفت و گۆمان له‌ گه‌لادا كرد بێگومان له‌ زۆربه‌ی گفت وگۆكان دا من ئاماده‌ ده‌بووم،گفت و گۆكانی ئێمه‌ش  به‌ نیازی ئه‌وه‌  بوو كه‌ بارزانیی بكه‌ین به‌ ده‌ستێك بۆ به‌ كار هێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆمان و وه‌ك دوژمنی ئیمپریالیزم و سه‌ركرده‌ی میلله‌تێك كه‌ خاوه‌نی كانگای پتڕۆلن به‌ كار ببه‌ین،به‌لام هه‌میشه‌ مه‌لا مسته‌فا زۆر زۆر هوشیار بوو و هه‌موو جارێك وه‌لامی پرسیاره‌كانی ئێمه‌ی ده‌دایه‌وه‌ و ده‌یگوت:من ئاماده‌م پاره‌ و چه‌كتان لێ وه‌ربگرم و هاوكاری سیاسیشتان له‌ گه‌ل دا بكه‌م به‌ مه‌رجێك كه‌ ئێوه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی كورد بپارێزن،واته‌ ده‌بێ ئێوه‌ش وه‌ك زلهێزێك  به‌لێنم بده‌نێ كه‌ كۆمه‌كی شۆڕشی كوردو ئامانجه‌كانی ده‌كه‌ن ئه‌و ژه‌نه‌راله‌ ڕوسه‌ ده‌لێت، ئه‌و داش به‌ داشه‌ی  بارزانی له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ هوشیاری دیبلۆماسی ئه‌و پیاوه‌ واته‌ بارزانی نیشان ده‌دات،ده‌لێت من زۆر له‌ بارزانیه‌وه‌ نه‌زیك بووم ئه‌ركی سه‌ر شانم بوو كه‌ چاوه‌ دێری  له‌ بارزانیوه‌ بكه‌م،ئێمه‌ واته‌ ڕوسه‌كان پێش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ریش هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ چاوی ته‌ماعمان بڕیبوه‌ كوردستان،به‌ تایبه‌تی له‌و ساتانه‌وه‌ كه‌ زانیبومان كوردستان خاكێكی پڕ له‌ كانی نه‌وته‌،بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نیا چاو تێ بڕینی ته‌ماعی ئێمه‌ نه‌بووه‌ بۆ كوردستان به‌لكو زلهێزه‌كانی تریش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌وه‌ بووینه‌،بۆیه‌كه‌ خه‌بات كردن بۆ وه‌لاتێكی ئاوا پڕ له‌ پیترۆل زۆر زه‌حمه‌ته‌،بارزانی كه‌ پاله‌وانی سه‌رده‌می خۆی بووه‌ و هه‌روه‌ها میراتگری سه‌ركرده‌كورده‌كانی پێشوش بووه‌،به‌لام بارو دۆخی ڕۆژگارانی بارزانی  گه‌لێ دژوارتر له‌وانه‌ی پێشوو بووه‌،له‌ به‌رچیش  ئه‌مه‌ وا بووه‌؟ ئه‌و جه‌نه‌راله‌ ده‌لێتن:چونكه‌ له‌ سه‌رده‌می بارزانی دا كالای پیترۆل كالایه‌كی ئیستراتیجی نێو ده‌وله‌تان بوو،بێگومان ئێستاش هه‌روایه‌،ده‌لێ:بارزانی زۆر هوشیار بوو كارێكی وای نه‌كرد كه‌ ته‌واوی گه‌له‌كه‌ی بسوتێنێ،ڕاسته‌ بارزانی  سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی بوو، به‌لام له‌ بواره‌كانی تریش دا توانای هه‌بوو ، ئه‌و جه‌نه‌راله‌ ده‌لێتن:وه‌ك باسم كرد له‌ گه‌ل ئێمه‌ دا ده‌یه‌ویست داش به‌ داشی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌نجام بداتن و اته‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردی پێش هه‌موو شتێك ڕه‌چاو ده‌كرد، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی كارێكی دیبلۆماسیانه‌یه‌.من به‌ هۆی په‌یوه‌ندی و نه‌زیك بوونمه‌وه‌م له‌ بارزانی دۆستایه‌تیه‌كمان دروست كردبوو كه‌ زۆر جاران به‌ خۆی داوای منی ده‌كرد كه‌ له‌ په‌ڕتوكه‌كه‌م دا ئاماژه‌م پێ كردووه‌.

به‌لێ ده‌بینین له‌ كاتی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریش دا بارزانی نه‌مر له‌ سه‌ر قسه‌ی جه‌نه‌رالی بالا ده‌ستی ڕووس چۆن باسی لێوه‌ ده‌كرێت و چۆن ئه‌و گه‌وره‌ پیاوه‌ هه‌ل ده‌سه‌نگێنێ ،به‌لێ زۆر ڕاسته‌ كه‌ بارزانی نه‌مر هه‌رچی كه‌ ئه‌نجامی دابێت له‌ پێناوی خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بووه‌و هه‌رگیز ڕۆژێ له‌ ڕۆژان موساوه‌مه‌ی له‌ سه‌ر كێشه‌ی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بۆ خوش گوزه‌رانی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی نه‌كردووه‌، بارزانی هه‌رچی كه‌  كردبێتی له‌ پێناوی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی خۆی و ڕزگاری گه‌له‌ هه‌ژاره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بووه‌،ئه‌مه‌ بۆخۆی نیشانه‌ی گه‌وره‌یی و لێ هاتوویی و دلسۆزی سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌مری وه‌ك بازانی هه‌میشه‌ زیندووه‌.
هه‌روه‌ها شاعیری كورد  ده‌شتی نه‌مریش له‌ سالی چله‌كانه‌وه‌ شیعری به‌ سه‌ر شۆڕشی بارزان دا هه‌لگوتوه‌و ده‌لێتت:

هه‌ركه‌س كه‌ به‌ به‌رزی وه‌ته‌نی یارانه‌ نه‌نازێ
نازی نیه‌ جه‌ژنی ئه‌وه‌ هه‌ر شــــه‌ككه‌ر و باده‌م
قه‌دت عه‌له‌می كورده‌ له‌ ســــه‌ر گرده‌ بنــــــاری
بۆ نوســــڕه‌تی بارزانه‌ كه‌ دوشمن به‌ فه‌ناده‌م
ده‌ستوری دیموكراتیه‌ شـومشیری دوو ئه‌برۆت
موسته‌عمه‌ره‌ بۆیه‌ له‌ جه‌فا كه‌وته‌ ســــه‌فاده‌م
ئه‌ی بولبولی كـــوردی وه‌ره‌ ناو باغی ته‌حه‌ڕڕوڕ
ناله‌ی تووه‌ ده‌شتی به‌ هه‌مـــوو ده‌م له‌ نه‌واده‌م
*
وه‌ ده‌بینین  مامۆستاو گه‌وره‌ی كورد هه‌ژاری دانیشمه‌ند و نه‌مر كه‌ ماوه‌ی ژیانی خۆی له‌ ڕێگه‌ی خزمه‌ت به‌ كوردایه‌تی ته‌رخان كردوه‌و مامۆستایه‌كی وه‌فادرو دلسۆز و خۆشه‌ویستی بارزانی نه‌مر بوو هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ سه‌ری نایه‌وه‌‌ له‌ پێنانی خزمه‌ت به‌خا ك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی و فه‌رهه‌نگی كورده‌واری درێغی نه‌كردووه‌و به‌ گیان و به‌ هه‌ست و بیری پیرۆزیه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی كوردو كوردستان دا هه‌ر پێشمه‌رگه‌بووه‌ تا توانی بۆ كوردی نوسی وخزمه‌تی به‌ گه‌لی كورد كردووه‌، له‌  شیعرێكی دا ده‌لێت:

بارزانی پاله‌وانی كورد
هیوای پیرو جه‌وانی كورد
خه‌به‌ریان پێ دام تۆ مردووی
به‌ دیمه‌ن له‌ به‌ر چاو ون بووی
من ده‌زانم تۆ نامری
تۆ له‌ مردن به‌ هێزتری
هه‌ر له‌م شیعره‌ دا له‌ شوێنێكی تردا ده‌لێت:
بارزانی شیست سالی ڕه‌به‌ق
جێ خه‌وی تاشه‌ به‌ردی ڕه‌ق
به‌ شاخ و شكێڕانه‌وه‌
به‌ به‌نده‌ن و لێڕانه‌وه‌
له‌ غوربه‌ت و ده‌ربه‌دری
غه‌مخۆر و له‌ خۆشی به‌ری
بۆ گه‌لی كورد چه‌وسایه‌وه‌
قه‌ت تاوێك نه‌حه‌سایه‌وه‌
به‌ره‌و ئازایه‌تی هان داین
ڕێگه‌ی پیاوه‌تی نیشان داین
دوژمنی بۆ بێ هێز كردین
تاریكی له‌ سه‌ر لا بردین
مانگی عاسمانی كوردانه‌
بێ ئاوا بوون و نه‌مان
ئه‌وانه‌ی به‌ مانگ ده‌وه‌ڕن
له‌ ڕاست لۆمه‌ی ویژدان كه‌ڕن
زۆر به‌ درێژی له‌ سه‌ر ئه‌و شیعره‌ ده‌ڕاوت و له‌ شوێنێكی تردا ده‌لێتن:
بارزانی بابی هه‌ژاران
هه‌توانی دل برینداران
شیوه‌ن شایانی تۆ نیه‌
ئه‌سرین ڕشتن چی بۆ نیه‌
من بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستم
په‌یمانت دهگه‌ل ده‌به‌ستم
تا ده‌مرم پێت وه‌فا داربم
چۆن بووم هه‌رهه‌مان هه‌ژاربم
بارزانی پاله‌وانی كورد
هیوای پیرو جه‌وانی كورد
خه‌به‌ریان پێ دام تۆ مردووی
به‌ دیمه‌ له‌ به‌ر چاو ون بووی
من ده‌زانم تۆ نامری
تۆ له‌ مردن به‌ هێز تری
               *
ئه‌م شیعره‌ مه‌زنه‌ی  شاعیر و دانیشنه‌مه‌ندو گه‌وره‌پیاوی  كوردو  وه‌فادار به‌ بارزانی نه‌مر به‌یادی ڕۆژی وه‌فاتی بازانی نه‌مر ی نوسیوه‌و بۆ خۆشی له‌ سه‌ر گلكۆی بارزانی نه‌مر له‌كاتی به‌ خاك سپاردنی ته‌رمی بارزانی نه‌مر له‌ شنۆ  كه‌ ده‌ریایێ له‌ خه‌لكی كوردی هه‌ژارو دلسۆز و وه‌فاداری بارزانی نه‌مر كه‌ تا چاوت هه‌ل ده‌بڕی جه‌ماوه‌ری كوردی ئه‌م دیوو ئه‌و دیو كۆبووبوونه‌وه‌و مال ئاواییان له‌ سه‌ركرده‌ی خۆیان بارزانی نه‌مر ده‌كرد هه‌ژاری نه‌مر ئه‌م شیعره‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ پڕیه‌تی له‌ خۆشه‌ویستی و دلسۆزی و وه‌فا بۆبارزانی نه‌مر، هه‌ژاری وه‌فاداری ڕێبازی بارزانی له‌ زۆر شیعری تری دا باسی سه‌روه‌ریه‌تی و گه‌وره‌یی و كه‌سایه‌تی ئه‌م ڕابه‌ره‌مه‌زنه‌مان بارزانی نه‌مر ده‌كات و پێی دا هه‌ل ده‌لێتن .

هه‌روه‌ها ماموستای شاعیرو دلسۆز و وه‌فاداری ڕێگه‌ی كوردایه‌یتی ماموستا خالید ئاغای حیسامی نازناو هێدی له‌ شیعرێكی له‌ سه‌ر بارزانی دا زۆر به‌ دوورو درێژی باسی سه‌روه‌ریه‌تی و وه‌فاداری و خه‌بات و تێكۆشانی ساله‌های سالی ئه‌م سه‌ركرده‌ نه‌مره‌مان بارزانی ده‌كات و زۆر به‌ ته‌ڕ و ناسكی و خۆشه‌ویستی ئه‌و ڕێبازه‌ نه‌مره‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ قاره‌مانه‌ هه‌ل ده‌سه‌نگێنێ و باسی لێوه‌ ده‌كات و كه‌ ئه‌و هێژایه‌ش گه‌لێ شیعری بۆ بارزانی نوسیوه‌و له‌م شیعره‌ی دا زۆر سه‌ربه‌رزانه‌ده‌لێت:
له‌ دلم دا بوو له‌ گــــه‌لــــــت بدوێم
بێنمه‌وه‌ گۆڕێ خــــــه‌می كۆن و نوێم
له‌ گــــــــزی و چـــــه‌پۆكی زۆردار
له‌ گه‌لی ده‌ربه‌ده‌رو ڕووت و هـــــه‌ژار
هه‌ست ئه‌گه‌ر هه‌ستێ بداته‌ده‌ســــتم
كـــــاروانی له‌ مه‌به‌ست ڕابه‌ســــتم
په‌رده‌ وا دێن و له‌ لام ڕا ده‌بـــــــرن
ئه‌وه‌ی دل خـــوازی منن خــۆ ده‌گرن
جـــــا خه‌یالم ده‌وێ خـۆی نه‌بـوێرێ
بێت و له‌و نـاوه‌ یه‌كـــــــــێ بژمێرێ
گه‌ر له‌وه‌ ده‌رفـــــه‌تی مه‌یدانێ نه‌بوو
ده‌مێ بمباته‌وه‌ چاخی پێشـــــــــــوو


شاعیری به‌ڕێز و هێژامان هێدی به‌ درێژی له‌ سه‌ر بارزانی ده‌دوێ و باسی سه‌روه‌ریه‌تی و گه‌وره‌یی و لێ هاتوویی قاره‌مانه‌تی و ماندو نه‌ناسیه‌تی  بارزانی نه‌مر ده‌كات و پاشان له‌ شه‌وێنێكی تری ئه‌و شیعره‌ بلنده‌ دا ده‌فه‌رموێ و ده‌لێت:

باره‌گــــــــای ڕێبه‌ری كـــورد والێره‌
باره‌گام گوت كه‌چـی لانی شــــێره‌
بن ته‌ڕاشـــێكی ئهگه‌ر ســـــــاكاره‌
شـــه‌ڕه‌ف و گه‌وریی لێــــــوه‌ دیاره‌
كام چیا به‌رزه‌ له‌ ســـــــه‌ر ئه‌و عه‌رزه‌
سه‌ری ئه‌و ســـــه‌روه‌ره‌ هێــنده‌ به‌رزه‌
ئێســــته‌ ده‌ڕوانم و تۆ نابیــنم
دێ و سۆماییم ئه‌با ئه‌ســـــــرینم

زۆر به‌ درێژی به‌ په‌رۆشـــه‌وه‌  له‌م شیعره‌ نه‌مره‌دا باسی بارزانی ده‌كات وپاشـان ده‌لێت:

پێم ده‌لـێن بێم ئه‌وه‌ ســال نوێ بۆوه‌
بپرم كــــۆڕێ به‌ یــــــــادی تۆوه‌
دێم هه‌تا ده‌ستـێ به‌ ســه‌ر خۆما ده‌م
تۆ له‌ یـادم ئه‌چی؟ تا یــــــــادت كه‌م؟
سـه‌رده‌مێ بووی و به‌ تـــۆوه‌ نازیم
تۆ كه‌ چووی ڕۆیی هه‌مـوو شانازیم
بۆ تۆ من هێنـده‌ نه‌بێ نێمــه‌ وه‌لام
كۆسپی ڕێ گه‌رچی گه‌لێك زۆره‌به‌لام
شه‌رته‌من ده‌ست له‌وه‌فات هه‌ل نه‌گرم
هه‌ر له‌ ســـــه‌ر ڕێێ تۆ بڕۆم و بمرم
به‌لێ  شاعیرو ماموستاو خۆشه‌ویستمان كاكه‌ هێدی به‌و شێوه‌ ڕه‌ساو بلندو پڕ له‌ هه‌ستی شاعیریه‌تی و دلسۆزی و وه‌فا بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌ كورده‌ به‌وپه‌ڕی دلسۆزیه‌وه‌به‌ خۆشه‌ویستی گه‌لی كوردو سه‌روه‌رو مه‌زنی كورد بارزانی دا هه‌لده‌لێت ه‌ باسی ده‌كات.

لێره‌ دا ده‌بینین ك گه‌وره‌پیاوانی عه‌ره‌بیش كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك جه‌واهێری نه‌مر له‌ شیعرێكی به‌ ناوی(قه‌لبی لكوردستان چۆن باسی بارزانی نه‌مر ده‌كات و به‌وپه‌ڕی شانازیه‌وه‌ ده‌لێتن:

به‌ سه‌دان شاعیرو كه‌سایه‌تی و گه‌وره‌پیاوان به‌ په‌یڤ و هۆنراوه‌ و باس به‌ كه‌سایه‌تی مه‌زنی كورد و كوردستان كه‌ بارزانی نه‌مر و قاره‌مانی كورده هه‌لگووتووه‌،خۆ دیاره‌ ئه‌و هه‌موو خه‌بات و تێكۆشانه‌ی بارزانی نه‌مر گه‌لێ له‌وه‌ش زیاتره‌ كه‌ مرۆ بتوانێ هه‌مووی بهێنێته‌ سه‌ر باس و خواس و به‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك ئه‌و شه‌ست ساله‌ی خه‌باتی بارزانی نه‌مر له‌م سه‌د ساله‌ی بارزانی دا هه‌ل بسه‌نبێنێ و پڕ به‌ پێستی خۆی مافی خۆی بدرێتی،ده‌بێ خه‌باتی بارزانی نه‌مر به‌ سه‌دان ڕۆمان و هه‌زاران وتارو شیعرو نوسینی له‌ سه‌ر بنوسرێت، گه‌وره‌یی و خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و سه‌ركرده‌ قاره‌مانه‌و مه‌زنه‌ی كورد ئه‌وه‌نده‌ مه‌زنه‌ كه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ جێگه‌ی شانازیمانه‌،  بوونی بارزانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سالانی بیسته‌كانه‌وه‌ له‌و هه‌موو شۆڕش و به‌رخودان و سه‌ركه‌وتنه‌كانه‌وه‌،له‌ كۆماره‌ ساواكه‌ی  مه‌هابادی خوێناو ی و قوربانی دانی هه‌زاران ڕۆله‌ی قاره‌مان و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ ڕابه‌رایه‌‌تی بارزانی نه‌مر و بڕینی ئه‌و ڕێگه‌ پڕ له‌ مه‌ترسی و دوورو درێژه‌ی نێوان سێ هێزی داگیركه‌رانی كوردستان و په‌ڕینه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر و هه‌ڤالانی له‌ چۆمی ئاراس و له‌ دوای شه‌ڕو شۆڕێكی سه‌خت و پڕ له‌ هێرش و په‌لامار دانی دوژمنان و ده‌رچوونیان بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بۆخۆی ده‌بێ به‌ ده‌ها فیلمی پڕ له‌ نرخی بۆ دروست بكرێت و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی خه‌بات و تێكۆشانی میللیمان ببێ به‌ شانازی هه‌میه‌شه‌یی و قاره‌مانه‌تیه‌تی بارزانی نه‌مرمان كه‌ توراسێكی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ و جێگه‌ی شانازی هه‌تا هه‌تایه‌ی گه‌لی كورده‌، ژیانی بارزانی نه‌مر له‌ دووری وه‌لاتان و له‌ ناو ئۆردووی سۆڤیه‌تی ئه‌و ڕۆژگارانه‌ بۆ خۆی  جێگه‌ی ده‌ها ڕۆمان و نوسین و فیلمی  به‌نرخی لێوه‌ دروست ده‌كرێت،گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕ له‌ شانازی و ئه‌و پێشوازیه‌ مه‌زنه‌ی سالی 1958 بۆ باوه‌شی دایكی نیشتمان كه‌ به‌ چه‌ ڕێزو خۆشه‌ویستیه‌كه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه ناو خه‌لكی خۆی و بوو به‌ ڕوگه‌ی خۆشه‌ویستی و سه‌رچاوه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و سه‌ركرده‌ خۆشه‌ویسته‌و نه‌مره‌مان،هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای داسه‌پاندنی شه‌ڕ به‌ سه‌ر گه‌لی كورد و هه‌لگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول  بارزانی نه‌مر وه‌ك ڕابه‌رێكی لێ هاتوو وره‌ به‌رزو شاره‌زا سه‌ركردایه‌یتی ئه‌و شۆڕشه‌ی  گرته‌ ئه‌ستۆ و به‌ یانی 11 ئازاری 1970 به‌ دوژمنان مۆر كردو چۆكی به‌ داگیركه‌ره‌كان دا هێناو گه‌لی كوردی گه‌یانده‌ پله‌یه‌كی تری به‌ره‌و سه‌ركه‌وتوون چوون و له‌ سایه‌ی ئه‌وا‌دا گه‌لی كورد به‌ ئۆتۆنۆمی شاد بوو ، كه‌ دیسان زۆرداره‌كان شه‌ڕیان به‌ سه‌ر گه‌لی كورد  دا سه‌پانده‌وه‌و دانیان به‌ كه‌ركوكی كوردستانه‌وه‌ نه‌ناو بارزانی نه‌مر فه‌رمووی كه‌ركوك دلی كوردستانه‌و گه‌ر دلیش نه‌بێتن ژیان نابێتن،تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ داگیركه‌ره‌كان له‌ ئه‌لجه‌زیره‌ یه‌كیان گرت و جارێكی تریش خه‌نجه‌رێكی ژه‌هراویان له‌ پشته‌وه‌ڕا له‌ شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن داو،بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی لێ هاتوو بڕیارێكی حه‌كیمانه‌ی داو ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد توش به‌ كاره‌ساته‌كان نه‌بێته‌وه‌و ئاواره‌ی دووره‌ وه‌لاتان بوو و به‌لامگیانی پاكی كوردایه‌تی و شۆڕش و به‌رخودان هه‌ر مایه‌وه‌‌، له‌ 26 گولانی سالی 1976 دا دیسان پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كان له‌ سه‌ر بڕیاری بارزانی نه‌مر كه‌وتنه‌وه‌ شاخكانه‌وه‌ و ئالای شۆڕشی گولانی پیرۆز له‌ ناو لێڕ و چیاو ده‌ربه‌نده‌كانی كوردستانه‌وه‌ دیسان به‌رز بووه‌وه‌ و به‌ گیانی پاكی له‌ خۆ بۆردووی و قاره‌مانه‌تی شۆڕشی گولان سه‌ركه‌وتوانه‌ مایه‌وه‌و تا كۆچ ڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی 1990 كه‌ دیمان گه‌لی كورد به‌ تێكڕایی گوتیان كوردستان یانه‌مان.

داخه‌كه‌م له‌  1.3.1979  بارزانی نه‌مر گیانی پاكی سپاردو وه‌فاتی كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش بوو به‌ خه‌م و ئازارێكی زۆری ناو ده‌روونی گه‌له‌كه‌مان و  وه‌فادارانی ڕێبازی بارزانی نه‌مر.

به‌لام بارزانی نه‌مر نه‌مردووه‌و ئه‌مڕۆش ئه‌م هه‌له‌ی كه‌ له‌ ئارا دایه‌ هۆكاری خه‌بات و تێكۆشانی ساله‌های سالی ئه‌و سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌ بارزانی نه‌مره‌ كه‌ گه‌لی كورد به‌م ڕۆژه‌ی وا شاد بووه‌ و ئه‌مڕۆکه‌ به‌ سه‌ربه‌ستی له‌ لانه‌ی خۆی دا ده‌ژیت.

   گه‌وره‌مه‌ردان قه‌ت نامرن، به‌ چاوی خۆمان دێمان كه‌ ته‌رمی بارزانی گه‌ڕاوه‌ کوردستان چه‌ند به‌ زیندوویی و سه‌ربه‌رزی له‌ شنۆ به‌خاك سپێردرا و دوای چێند سالێكیش جه‌ند به‌ رێز و خۆشه‌ویستیوه‌ ته‌رمه پیرۆزه‌كانی  بارزانی نه‌مر و كاكه‌ ئیدریسی جوانه مه‌رگ هه‌ر به‌ زیندوویی  گه‌رانه‌وه ناو باوه‌شی گه‌لی كوردو دیمان به‌ چه گه‌وره‌ییه‌‌‌یی و ڕێزه‌وه‌‌ خه‌لكی كوردستان ئه‌و قاره‌مانانه‌یان له‌ ئامێزا گرت و چۆن نه‌مرانه‌ له‌كوردستان له‌ ناو زێدی باوك و باپیرانی خۆیان له‌ بارزانی نه‌مران  دا كه‌ ته‌واوی خه‌لكی كوردستان ته‌رمی بارزانی گه‌وره‌و سه‌ركرده‌ی جوانه‌مه‌رگمان كاكه‌ ئیدریس بازانیان به ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ له‌ باوه‌ش گرت و چه‌نده‌ به‌ گه‌وره‌یی و پڕ له‌ گیانی خۆشه‌ویستی و سه‌ری نه‌وازشمان بۆ نواندن و چه‌ند‌ به‌ شانازی و سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ ته‌رمه‌كانیان له‌ ناو دل و ده‌روون و سه‌ر شانی خه‌لكی كوردی سته‌م دیده‌و چه‌وساوه‌ هه‌ڵگیراو چۆن زۆر به‌ هێژایی و مه‌زنیه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌زاری پیرۆز و هه‌واری دێرنیان بارزانی قاره‌مانانیان بردو له‌و مه‌زاره‌ پیرۆزه‌ چه‌ند به‌ شكۆ داریه‌وه‌ به‌ خاك سپێردران و به‌ هه‌زاران هه‌زار سلاو ڕێز و سه‌ری نه‌وازش بۆ گیانی پاكی بارزانی ده‌ڕۆیشت و  كه‌ئێستاش بووه‌ته‌ ڕووگه‌ی هه‌موو كوردێكی وه‌فادارو دلسۆز به‌ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هه‌تا كوردێكیش  مابێ و جیهان له‌ خول دابێت بارزانی هه‌رگیز نامرێت و هه‌رده‌م زیندووه‌ و هه‌مو كوردێكی دلسۆز و گه‌وره‌مه‌ردێكیش كه‌ سه‌ردانی كوردستان بكات ئه‌وا چه‌پكه‌ گولی زێڕین له سه‌ر گوڕی بارزانی نه‌مر و كاكه‌ ئیدریسی جوانه‌ مه‌رگ داده‌نێن و مه‌ڵبه‌ندی بارزانی نه‌مران بۆ هه‌تا هه‌تایه‌‌‌  بوه‌ته‌ رووگه‌ی قاره‌مانان و گه‌لی كورده‌ و هه‌موو كوردێك هاوار ده‌كات و  منیش ده‌لێم:
هـــــــــــو بارزانی ئه‌ی قــــــــــــاره‌مــــان
ئه‌ی ســــه‌ر چاوه‌ی خــــه‌بات و ژیـــان
وره‌ی  بـــــه‌رزی‌ كــــــــــــــــوردایـــه‌تیت
نیشـــانه‌یه‌ بۆ ڕزگــاری گه‌ل و خـاكت
وه‌فـاو پاكی له‌ ڕێبــــــــــازی بلندی تۆ
شانازیه‌ بۆ هــــــــــــه‌ڤـال و یارانی تۆ
بارزانیــه‌ لو‌تكه‌ی به‌رزی كـوردایه‌تی
بارزانیه‌ شــــۆڕه‌ســـــواری مه‌ردایه‌تی
هه‌ركوردێكی بۆبـارزانی وه‌فای نه‌بێ
ئه‌وكوردنیه‌بۆكوردستانیش قه‌ت نابێ
*
هه‌زاران سلاو بۆ گیانی پاكی هه‌موو شه‌هیدانی كوردو كوردستان.
هه‌زاران سلاو له‌ گیانی پاكی نه‌مرگ بارزانی هه‌رده‌م له‌ یادمان و ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی هه‌میشه‌ زیندووی
هه‌زاران سلاو بۆ گیانی پاكی كاكه‌ ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ وماندو نه‌نه‌ناسی ڕێگه‌ی به‌رزی كوردایه‌تیمان.
سه‌رشۆڕی و نه‌مانیش  بۆ داگیركه‌ران و دوژمنانی كوردو كوردستان .

ئه‌مانه‌هش دوو پارچه‌ شیعری خۆمن پێشكه‌شه‌ به‌ گیانی پاكی بارزانی نه‌مرو هه‌موو پێشمه‌رگه‌ و دڵسۆزێکی ڕێبازی بارزانی نه‌مرو ئه‌وانه‌ی كه‌هه‌میشه‌ كوردستانیان له‌ هه‌موو شتێ لا مه‌زنتره‌

بارزانی ناوی ون نابی
كێ هه‌یه‌ وه‌ك تۆ ســـــه‌ربه‌رزو ئازا
له‌ ڕێی كوردســـــتان هه‌رگیز نه‌ڕازا
تۆ بوویتـــــه‌ قوربان بۆ كوردستانت
هه‌لــــۆی كێوان بووی بۆ نیشتمانت
بــارزانی ئه‌تۆ هه‌رپــــیز نه‌مردووی
له‌ نــــاو دلی كوردهه‌میشه‌زیندووی
مایه‌ی سه‌ربه‌رزی وشـانازی مه‌ردی
تا جیهان مابێ تۆ له‌ دلی كــــوردی
گلكۆی سه‌ربه‌رزت ڕوپه‌ی هه‌مـوانه‌
ڕێبـــازی مه‌زنت بۆ كوردســـــتانه‌
بارزانی مه‌زن شـــۆڕه‌ سواری پورد
تۆ ڕه‌مـــزی له‌بۆ خاك و په‌لی كورد
ڕێگـه‌ی پیـــــــرۆزت ســــــه‌روه‌ریمانه‌
بۆ كوردســـــــتانم په‌رچه‌می ژیانه‌
هه‌تاكـــــو جیهان له‌ خول دا مـابێ
نـــــــاوی بارزانی هه‌رگیز ون نابێ

ئه‌م هۆنراوه‌شم پێشكه‌شه‌ به‌ گیانی پاكی بارزانی نه‌مر ئه‌و سه‌ركرده‌ خۆشه‌ویست و ڕابه‌ره‌ مه‌زنه‌ی كه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ نامرێت و هه‌رده‌م له‌ ناو دل و ده‌روونمان دا هه‌ر زیندووه‌ .
ره‌مزی كورد                             ئه‌حمه‌د ده‌ستی.
 
كه‌ ئه‌ستێره ی خۆشـه‌ویسـتی
هـه‌لده‌ڕژیێـت و لـه‌بار ده‌چـێ
چـی  ڕونــاكــی سه‌ر زه‌مـینه‌
دا ده ته‌كـێ ولــه‌ نـاو ده چـێ

كـه‌ ڕوبارێ  گـڕ ده گـرێــت و
كـه‌ناری  خـۆی ڕاده كێشـــێ
چــــی كانیاوی  ده‌ور و  بـه‌ره
به‌ره و وشـكایی هه‌ل ده‌كشێ

كه بارانی ســــه‌ركێلـگه‌و چیـا
له‌ داكـه‌وتــن  دا ده كــــه‌وێ
چـی  گولـه‌ گـه‌نـمی تـه‌بارانـه‌
وه‌ســه‌ربریـنیا دا  ده خـــه‌وێ

كاتــێ خۆری ئـه‌م ســـه‌ده‌یه‌
پـه‌ڕ و  باڵـی خـۆی نــاوێــژێ
چی لاوك وچــی ســـــــترانه‌
گـڕوپـلـپــه‌ی داده مــــــركێ

كاتێ ووشـه‌ی خـۆشــه‌ویستی
سیـس ده بێــت و هه‌لده‌وه‌رێ
چی داسـتانی عیشق  و ژانــه‌
له نـا ئـــومێــدی داده‌بـــارێ

كاتێ ئه‌لقه‌ی زه‌وی وئاسـمان
لێك ده‌ترازێن گــول ده‌وه‌رێن
ژیــان ده‌ڕوابه‌ره‌و  نه‌مـــــان
هه‌مووشـــتێ له‌ یاد ده‌كــرێن

تـۆبارزانی  ئه‌ی  قاره‌مــــــان
خۆشه‌ویستی‌گشت سـه‌روه‌ران
هه‌رگـیز نامری  له‌نــــاو دڵان
ڕووگه‌ی دڵی كـــورد‌په‌روه‌ران

ئــه‌تۆ تــه‌نـیا  ئـه‌ستیره نیت
كـه‌ ئاوابووی لـه‌ خـاكه‌ كــه‌م
بێ رونـاكی وبێ ســــه وزایی
بمێنته‌وه‌ وه‌لاتــــــه‌كـــــــــــه‌م

تـۆ ڕوبارنیت‌كه هاژه‌ت ‌نێت
كــه‌نـاره‌كانت  ووشـك كـه‌ن
تـۆباران نیــت كه‌نـه‌بـــاریت
گول وگیـا خـاپـــــووری كــه‌ن

تـۆ ئـه‌ی  هـه‌لۆی به‌رزه فـڕی
لـوتكه‌ی بڵندی چـیای پیریس
شــینه شاهۆی ده‌شـته‌كـان و
دۆندی جوانی  كێـوی زاگڕوس

ئه‌ی  پـێشمه‌رگه‌ی  كوردستانم
شۆڕه سـواری ده‌شتی هه ولێـر
ئه‌ی سه‌روه‌ری‌گشت كوردستان
ڕۆله‌ی مه‌رد ومیرانی شـــــــێر

ئه‌ی هه‌توانی زامی كــــــوردم
ئــاسۆی به‌رزی   كــورده واری
ئــه‌ی سه‌ربه‌رزوجێی شــانازی
هیوای ڕوونی لێـــوبه‌بــــــاری

خۆره تاوی  ده‌شتی گه‌رمـــیان
گڕی  سووری  بابه‌ گـوڕگــــوڕ
ئه‌ی بارزانی ســه‌روه‌ری كــورد
ئـه‌ی شه‌هیدی دل پڕ له نـوور

ئـه‌ی پـاڵه‌وان  مـه‌رد و دلــێر
مه‌رزی سووری كێوی حه‌مرین
ئـه‌تۆی گمۆ و كێـوی مه‌تــــــین
ئه‌ی هه‌ڵگوردو به رزی سه‌فین

ئه‌ی بـارزانـی ره‌مزی كـوردان
تێنووی  رۆژی  سه‌ربه‌سـتیمان
ئـه‌ی خه‌نجه‌ری ســــه‌ربرینی
داگـیركه‌ری كوردســــــــتانمان

ئه‌ی بارزانی چــــاوی  كوردان
بـه‌كۆچی تۆ نه‌ك كوردســـتان
ڕه‌ش ده‌پۆشێ به‌ دڵی بریـــان
هه‌رچی مـه‌رده‌ دێتــه‌ گریــان

هه‌ركێ مرۆیه‌و خۆی سـه‌روه‌ره
كی  ڕابه‌ره و كورد پــــه‌روه‌ره‌
به‌ یادی تــــۆ ده‌خـزی بۆ لای
ئه‌وگلكــۆیـه‌ی تــۆی  له به‌ره

كڕنووش  ده‌بـه‌ن بۆته‌رمه‌كه‌ت
بۆ هه‌واره‌ سـه‌ربـه‌رزه كــــه‌ت
لـێت فێــر ده‌بن  مه‌ردایــه‌تـی
له‌یـاد  ناكـه‌ن ڕێبـــــازه‌كـه‌ت

هۆ بـارزانی كـه‌تــــۆ هه‌بــووی
ســه‌ركه‌وتنی كورد دیـــاربـوو
داگیركـه‌رانی كوردســــــــــــتان
خڕچه‌واشه‌و زه‌نده‌ق چووبــوو

كه كۆچـت كرد هه‌رچی ‌مه‌رده
هه‌رچی ده‌روده‌شتی كـــــورده
بـه‌دڵ وبه‌گیـان له‌یــــادی تـۆ
گوتیان نامری قه‌ت له‌م هـه‌رده‌

دره خــــــتانم  وه‌دی ده‌كـــــــرد
ده‌سـت به‌سیـنه‌ڕووله‌ حــه‌واوه‌
لێم ده‌پـرســین چی ڕووی داوه‌
ده یانـگووت كه‌كچـی هه‌تــاوه‌

ڕوبـــــارانـم وه‌دی ده‌كـــــــــرد
له‌ســـه‌رشـه‌پـۆلا وه‌ســــتابـوون
پرسیم كوانێ هاژه‌ی چه‌متـــان
گوتیان‌كۆچی‌‌به‌هاره‌وكپ بــوون

چیاكـانم وه‌دی ده‌كــــــــــــــــرد
وه‌سه‌ر بـرینان ڕاوه ســـتابوون
پرسیم كوانی سـه‌وزه‌ی جوانتان
گوتیان لـه‌بێ  تاوا  سیـس بوون

ده هـاتم وبـــــه‌ دڵـی بـــه‌خــه‌م
لـه‌ ده رگــای ئـــــــــاواره‌م ده‌دا
ده‌یان گوت‌چـیه‌و چی‌ڕووی داوه
بۆچی وا ڕۆژ كز دیــــــارده دا؟

هاواری كورپـه‌كم  ده بیســــت
له‌ سه‌ركـۆشی دایكی ڕه‌شـپۆش
له تــــاو كـۆچــــی خــۆره‌تـــاودا
له‌ غوربــــه‌تــا ببــو بــێ هـۆش

له‌ نامـۆیی و له‌ دووری خـــــاك
به‌ نـاله‌ نال چــــاو به‌ گریــــان
له‌ تاو ژان و بـــرینـــــــــــانمان
ده‌توایه‌وه‌ بـه‌ دڵـی بـریــــــان

هـــــــاواری بوو تۆ نــــــــــــامری
هه‌رســه‌روه‌ری ئه‌ی بارزانــــی
ئه‌تـۆ هه‌لۆی  كــــوردســــــتانــی
خۆشــــــه‌ویستر له‌ دڵ و گیانی
*
 
ئه‌م هۆزانه‌م پێشكه‌شه‌ به‌ گیانی پاكی ئه‌و ســه‌ركرده‌ كورده‌ قاره‌مانه‌مان  بارزانی  هه‌رده‌م زیندوو و قه‌ت له‌ یاد نه‌چوومان .

۰۰۰۰۰۰۰۰۰۰۰۰۰۰۰۰

+ نوشته شده در  یکشنبه ششم تیر 1389ساعت 1:27  توسط کاوه  |